تبليغاتX
ژیـــــــــــــــار جــــــــــــــاف
هاوڕێ لێره‌ چاوه‌ڕوانم به‌ 

 

هاوڕێ لێره‌ چاوه‌ڕوانم به‌

 

تۆ لێره‌ به‌ هاوڕێ

 

من ئه‌ڕۆم له‌ گه‌ڵ ئه‌و شه‌قامانه‌دا ئاشتئه‌بمه‌وه‌

که‌ تووڕه‌بوون له‌ بێزاریم

که‌ بێزاربوون له‌ هاتوو چۆم به‌ سه‌ریاندا

هه‌ر لێره‌ چاوه‌ڕوانم به هاوڕێ

من ئه‌ڕۆم کڕنووش بۆ ئه‌و تووله‌ ڕێگایانه‌ ئه‌به‌م

که‌ منیان به‌ یه‌قینی عه‌شق گه‌یاند

که‌ فێریان کردم خۆشه‌ویستی بکه‌م

به‌ خۆشه‌ویسترین هاوڕێم

لێره‌ مه‌ڕۆ هاوڕێ

من ئه‌ڕۆم داوای لێبووردن له‌ گه‌ڵای ئه‌و دره‌ختانه‌ ئه‌که‌م

که‌ له‌ چاوه‌ڕوانی مندا هه‌ڵوه‌ران

هه‌تا ئێستایش چاوه‌ڕوانن بڕۆمه‌وه‌ و

به‌ بزه‌یه‌

یان به‌ ماچێک

ڕۆحیان به‌ به‌ر بهێنمه‌وه‌

ئه‌ڕۆم داوا له‌و کۆترانه‌ ئه‌که‌م، که‌ به‌ مناڵی به‌ردم تێگرتوون

له‌ ئه‌تواری مناڵانه‌م بمبه‌خشن

پێیان ئه‌ڵێم

مناڵیم پڕه‌ له‌ تووڕه‌بوون به‌رامبه‌ر به‌ گه‌وره‌بوون

گه‌وره‌ییم پڕه‌ له‌ خۆزگه‌ی مردووی مناڵی

چونکه‌ مناڵیم پڕ بوو له‌ ڕقی گه‌وره‌ییم

گه‌وره‌ییم پڕه‌ له‌ به‌رائه‌تی مناڵیم

من هاتووم خۆم له‌ هه‌موو ئه‌و گوناهانه‌ پاک بکه‌مه‌وه‌

که‌ به‌ مناڵی کردوومن

نه‌هاتووم له‌ گوناهی گه‌وره‌ییم خۆشبن

من ئه‌مه‌وێ یه‌دگارێکانی مناڵیم بسڕمه‌وه‌

نه‌ک بێهوناهی گه‌وره‌ییم له‌ بیربکه‌م

08-10-2007

ده‌نهاخ - هۆڵه‌ندا

|+|
2008/4/15 12:55
مه‌رگ له‌ ناخمدایه‌ 

مه‌رگ له‌ ناخمدایه

هه‌ناسه‌کانم بۆنی مه‌رگیان لێ دێ

روخسارم ڕه‌نگی تۆی گرتووه‌ ئه‌ی

مه‌رگ

سه‌ر به‌ هه‌ر کۆڵانێکدا ئه‌که‌م

مه‌رگ ته‌نها خۆشه‌ویسته‌‌ چاوه‌ڕوانمه‌

له‌وه‌ته‌ی ده‌ستم به‌ر ده‌ستی ژیان که‌وتووه‌

مه‌رگ خۆشه‌ویسترین هاوڕێمه‌‌

چیرۆکی ڕابردووی من

گه‌مه‌یه‌کی جوانه‌ له‌ گه‌ڵ مه‌رگدا

بۆیه‌

حیکایه‌ته‌کانی ئێستام

لێوان لیوه‌ له‌ فه‌نابوون

پڕ پڕه‌ له‌ مه‌رگ

من له‌ ده‌ریایه‌که‌وه‌ هاتووم

سه‌رچاوه‌که‌ی له‌ مه‌رگه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاوه‌

شه‌پۆله‌کانی نامه‌ی مه‌رگیان

له‌ گه‌ڵ خۆیان هه‌ڵگرتووه‌

من له‌ دارستانێکه‌وه‌ هاتووم

خودایش له‌ بیری کردووه‌

مه‌رگ نه‌بێ

دره‌خته‌کانی ڕه‌گیان به‌ ڕه‌گی

مه‌رگه‌وه‌یه‌

ببورن هاوڕییان

من چیدی بڕوا به‌ پێکه‌نینه‌ ساخته‌کانی ژیان ناکه‌م

ئیدی گوێ له‌ حیکایه‌ته ‌درێژه‌کانی با ناگرم

خۆم ناده‌مه‌ ده‌ست شه‌پۆله‌ شێته‌کانی ده‌ریاوه‌

چیتر به‌و شه‌قامانه‌دا ناڕۆم

که‌ به‌ قه‌ده‌ر ڕابردووی مه‌رگ له‌ ڕۆحمدا

درێژ نه‌بێ

براده‌ر

ده‌ست مه‌به‌ بۆ ئه‌و دره‌خته‌ی که‌ بۆنی ژیانی لێ ده‌ێت

باوه‌ش بۆ مه‌رگ بکه‌وه‌

هه‌تا به‌ یه‌قین بگه‌ی

تا بکاری ڕه‌شترین حه‌قیقه‌ت ببینی

من ژیان له‌ مه‌رگه‌وه‌ ئه‌بینم

پێناسه‌م بۆ خودا مه‌رگه‌

عه‌شق مه‌رگه‌

مه‌رگ ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ ترۆپکی ژیان

مه‌رگ قوڵایی زه‌ریاکانمان پیشان ئه‌دات

ئێستا له‌ که‌ناری قه‌ده‌ری نادیارمه‌وه‌

به‌ دیار پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌که‌ی زۆرباوه‌

دانیشتووم

به‌ شوێن زۆربایه‌کدا ئه‌گه‌ڕێم له‌ ناخمدا

زۆربایه‌ک له‌ بێ ئومێدی

زۆربایه‌ک له‌ مه‌رگ

زۆربایه‌ک که‌ ڕابردوو و ئێستا و داهاتووم دیاری ده‌کات

پاڵه‌وانێک که‌ بڕیار له‌ سه‌ر مه‌رگم ئه‌دات

زۆربایه‌ک که‌ خۆشم نازانم بۆ چ دۆزه‌خێکم ئه‌بات

له‌ نێوانی من و مه‌رگدا

ئاره‌زوویه‌کی قووڵ هه‌یه‌ بۆ پێکه‌وه‌بوون

بۆ دانه‌بڕان

بۆ گه‌یشتن به‌ ئه‌به‌دییه‌ت

مه‌رگ له‌ ڕۆحی من په‌یکه‌رێک

بۆ خۆی دائه‌تاشێت

تا ژیان له‌ مندا بکوژێت

من له‌ ڕوخساری مه‌رگ تابلۆیه‌ک

بۆ فه‌نابوون ئه‌نه‌خشێنم

‌تا هه‌رگیز لێم دانه‌بڕێ

25-07-2007

ده‌نهاخ- هۆڵه‌ندا

|+|
2008/4/15 12:43
سێ وێنه‌ 

سێ وێنه‌ی

ژیار جاف

zhyar_jaf@hotmail.com

Den Haag-holland// 29-10-2007

ته‌ماشاکه‌ن،

ئه‌و کچه‌ چۆن به‌ بێده‌نگی

به‌ سه‌ر ئه‌و ده‌ریا شینه‌وه‌

له‌ گه‌ڵ شنه‌بادا سه‌ما ده‌کات

سه‌یرکه‌ن،

ئه‌و شۆخه‌ چۆن به‌ چاوی پڕ له‌ فرمێسکه‌وه‌

ئه‌ڕوانێته‌ خۆرئاوابوون

ماڵئاوایی له‌ خه‌ونه‌کانی ئه‌کات

بڕوانن،

ئه‌و کچه‌ چۆن به‌ دڵ ته‌نگی

ملی ڕێگای گرتووه‌ته‌ به‌ر

به‌ره‌و ماڵی تاریکی دڵ

سه‌فه‌ر ئه‌کات

|+|
2008/4/15 12:27
تۆ شایسته‌ی دڵی من نیت 

 

ڕقم له‌ خۆمه‌

که‌ هه‌موو عومرم

بۆ خۆشه‌ویستی تۆ به‌ فیڕۆدا

ڕقم له‌ تۆیه‌

که‌ وابه‌ستت کردم

به‌ خۆشه‌ویستی خۆته‌وه‌

من ئێستاکه‌

نه‌ تۆم خۆش ئه‌وێت نه‌ خۆشم

له‌ یه‌ک کاتتدا

بێزارم له‌ چاوانی تۆ و

له‌ گه‌مژه‌یی دڵی خۆشم

ئیدی ئه‌و گه‌مه‌یه‌ی

تۆ ده‌ستت داوه‌تێ

کۆتایی هات

نه‌ فرمێسکی درۆزنانه‌ت فریوم ئه‌دا

نه‌ ڕێگه‌ به‌ دڵم ئه‌ده‌م

بۆ چاوانی عه‌یاری تۆ فریو بخوات

تۆ شایسته‌ی دڵی من نیت

بڕۆ ئیتر ،

به‌ شوێن که‌سێکدا بگه‌ڕێ

که‌ شایسته‌ی دڵی خۆت بێ

|+|
2007/11/5 20:4
 

له‌ خه‌ونێکدا

له‌ خه‌ونێکدا،

ده‌ست له‌ ناو ده‌ستی یه‌ک ئه‌که‌ین

دوور له‌ چاوی پیسی نه‌ریت

به‌ ناو باخچه‌ی عاشقاندا

وه‌ک دوو په‌پوله‌ی عاشق پیاسه‌ ئه‌که‌ین

هێنده‌ سه‌یری یه‌کتر ئه‌که‌ین

هه‌تا ره‌نگی یه‌کدی ئه‌گرین

له‌ خه‌ونێکدا،

له‌ قه‌راخی ده‌ریایه‌کدا

دوور له‌ دڵی بۆگه‌نی ناحه‌زانمان

ده‌ست له‌ ملی ئه‌کتر ئه‌که‌ین

له‌ ژێر تیشکی گه‌رمی خۆردا

راده‌کشێین

هێنده‌ ماچی یه‌کتر ده‌که‌ین

تا خودایش ئێره‌یمان پێ ده‌با

ژیار جاف

Zhyar_jaf@hotmail.com

Holland-den haag

|+|
2007/6/19 22:24
 

دڵۆپێک له فرمێسکی عاشق

خۆشه ویستم

تۆ تروسکه یه کی له گڕی موحیبه ت

باوه شێکی له گوڵی خۆشه ویستی

تۆ دڵۆپێکی له فرمێسکی عاشق

بزه یه کی له سه ر لێوی خۆشبه ختی

تۆ ئه ستێره یه کی له ئاسمانی ئه وین

ده ریایه کی له ماچی ته ڕ

خۆشه ویستم

من دوور له و گڕه پیرۆزه ت

ده بمه شه خته یه ک له ته نیایی

من بێ تیشکی چاوه کانت

رێگاکانی دڵی خۆشم نادۆزمه وه

لای من ته نها چرکه ی شادی

ئه و ساته یه که بۆ ئه وینی تۆ ئه گریم

ئیدی وه ره با پێکه وه

ده ست له ناو ده ست که ین و

کۆڵان به کۆڵانی عه شق ته ی که ین

وه ره و

با له م دونیا لێوان لێو له ئازاره دا

به دوای نه ێنێکانی چێژدا

وێڵبین

 

وه ره با له به هه‌شتی عاشقاندا

له به ر تیشکی مانگه شه ودا

چاومان پڕکه ین له ڕوناکی و

لێومان داپۆشین به گوڵه ماچ

ژیار جاف/ دهنهاخ/ هۆڵهندا

16-11-2006

|+|
2007/6/19 22:20
 

دڵگران مه‌به‌ ئازیزم

وانه‌زانی که‌ من بڕۆم

ئیدی هه‌رگیز به‌ دیدارم

شادنابیته‌وه‌

دڵنیابه‌، له‌ به‌هه‌شتدابم

به‌ مه‌رجێ، تۆم لا نه‌بی

هه‌ر دێمه‌وه‌

وا تێنه‌گه‌ی که‌ سه‌فه‌رکه‌م

خۆشه‌ویستی چه‌ندان ساڵه‌ت

له‌ یاد بکه‌م

بێگومان به‌، گه‌ر نه‌زانم ئه‌م سه‌فه‌ره‌م

گڕی عیشقت له‌ ناخمدا زیاتر ده‌کا

سه‌فه‌ر ناکه‌م

وا نه‌زانی لێره‌ بڕۆم

لێوه‌کانم، کوڵمی ئاڵت

له‌ بیرده‌کات

من دڵنیام، هه‌زار هێنده‌ی تر لێت دووربم

خۆشه‌ویستیت له‌ ده‌رونما

گه‌شه‌ ئه‌کات

...

ژیار جاف

Zhyar_jaf@hotmail.com

Holland-den haag

|+|
2007/6/19 22:18
 

تێکه‌ڵبوون

 

ئازیزه‌که‌م

من و تۆ به‌ جۆرێک تێکه‌ڵ به‌ یه‌ک بووین

هه‌رچه‌ند ئه‌که‌م

 له‌ نێوانی

رومه‌تی تۆ و

رۆحی خۆمدا

هیچ جیاوازییه‌ک به‌ دی ناکه‌م.

...................................

 

ئازار

 

ئه‌و ده‌مانه‌ی تۆم ئاشنابووی

دڵۆپێک بوو ژانی دڵم

به‌ڵام

ئێستا که‌ لێم زیزیت

ده‌ریایه‌که‌ ئازاری من

........................

 

چاوه‌کانم

 

چاوه‌کانم!

که‌ جاران تۆ خۆشه‌ویستم بووی

چاوه‌کانم ئێشکگری باڵای تۆ بوون

که‌چی دوای ئه‌و هه‌موو دابڕانه‌ش

چاوانی تۆ

ناحه‌زانی دڵی من و

چاوانی من

ته‌نها رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی تۆ ئه‌بینن.

.....................................

 

عه‌شق

 

عه‌شق شێتبوونێکی جوانه‌

دیاری خوادیه‌ بۆ مرۆڤ

عاشق

شێتێکه‌ خودایی.

................

 

خودای شیعر

 

ئازیزه‌که‌م

به‌سه‌ ئیتر که‌م پێم بڵێ

واز له‌ عه‌شقی شیعر بێنه‌

ئاخر گوڵم

من که‌ شیعر له‌ خوێنمایه‌ و

تۆیش پارچه‌یه‌کی له‌ دڵم

نه‌ ئه‌توانم ئه‌وینی تۆ فه‌رامۆش که‌م

نه‌ بۆم ده‌کرێ واز له‌ خودای شیعر بێنم.

...............................................

توخوا دایه‌

 

توخوا دایه‌

ئه‌گه‌ر منداڵێکی گه‌دا و برسیت بینی

ویستی رووه‌و تۆ بێت بۆ له‌تێ نان

مه‌هێڵه‌، تۆ بڕۆ بۆ لای

چونکه‌ ئه‌وه‌ رۆحی منه‌

بۆ لای تۆ دێ

بۆ له‌تێ نان

له‌تێ نان

نان.

.............

 

چاوه‌کانت

تێمده‌ڕوانی و

من تێناگه‌م له‌ قوڵایی

ئه‌و چاوانه‌ت

بۆ خۆشبه‌ختیم

چ مه‌یلێ خۆی حه‌شارداوه‌

تێمده‌ڕوانی و

من بێئاگام له‌ پشت ئه‌و دیده‌ شێتانه‌ت

بۆ مه‌رگی من

چ ئافاتێ خۆی ماتداوه‌.

....................................

جیاوازی

 

جیاوازی نێوان من و تۆ

گه‌لێک زۆره‌

تۆ ئه‌ته‌وێ

شه‌ڕێک بۆ مه‌رگ به‌رپاکه‌یت

من ئه‌مه‌وێ

شۆڕشێک بۆ ژیان بخوڵقێنم.

...................................

تاوانکار

 

له‌ چاوانی ئه‌م عاشق کوژانه‌دا

ئێمه‌

دوو شه‌یتانی تاوانکارین

نه‌ک

دوو عاشقی بێ گوناه

بۆیه‌ که‌ خوێنمان ده‌ڕێژن

له‌ جێی شیوه‌ن

شایی بۆ مه‌رگمان ده‌گێڕن.

.............................

په‌رستگا

 

خۆشه‌ویستم

هێنده‌ ئاره‌زومه‌ بتبینم

هه‌تا ئێستا شتێک شک نابه‌م

نه‌مکردنێ به‌ په‌رستگا

کڕنووشم بۆ نه‌بردبێ

تا به‌ دیدارت شادم کات

...............................

روخساری تۆ

بۆیه‌ هێنده‌ خۆشه‌ویستی له‌ لام

چه‌ند جارێکه‌

تێتده‌ڕوانم

واده‌زانم ئاوێنه‌یت و

له‌ روخاسارت

خۆم ئه‌بینم.

................

Zhyar_jaf@hotmail.com

Holland- Den Haag

ژیار جاف هۆڵه‌ندا
|+|
2007/3/13 9:14
 

 

زۆر ئه‌ترسم

زۆر ئه‌ترسم ده‌نگی ئه‌م سترانی عه‌شقه‌

وه‌کو گه‌ڵای پایزان زوو هه‌ڵوه‌رێ

زۆر ئه‌ترسم ڕه‌نگی بزه‌ی ئه‌م ئه‌وینه‌

مه‌رگ زوو یه‌خه‌ی پی بگرێ

ئاوسا ئیتر، ڕه‌نگی من و

ده‌نگی هاوار تێکه‌ڵ ببن

ڕه‌نگی مه‌رگ و

ئادگاری من لێکجیا نه‌بن

موژه‌م تێکه‌ڵ به‌ خه‌م ببێ و

خۆیشم گریان

ژیار جاف-ده‌نهاخ- هۆڵه‌ندا

|+|
2006/5/28 11:28
 

بۆ شنه

من نازانم تۆ پێویستی بۆ ژیانم

یان شنه‌ی " با "

که‌ شنه‌ی " با "شم خۆشم ده‌وێ

                                                                                      دڵگیر مه‌به‌ !

من دڵنیام

کاتێک شنه‌ی " با " هه‌ڵده‌کات

شنه‌ .. شنی خۆشه‌ویستی و

ئه‌وینی تۆ به‌ من ده‌گات۱

ئای شنه‌ی " با "

چه‌ند حه‌ز ده‌که‌م

له‌ گه‌ڵ شنه‌دا تێکه‌ڵبم

ده‌ستی ڕه‌شی نه‌یارانی

شنه‌ خانم قه‌ت پێ نه‌گات

چه‌ند پێم خۆشه‌

ونکردنێک ونم بکه‌ی

هه‌ر به‌ ته‌نها

شنه‌ی خۆشه‌ویستی شنه‌ و

هه‌ناسه‌ی شنه‌م پێ بگات!

جه‌مال شاوازی- ماسڵاوس-هۆڵه‌ندا

shkar67@hotmail.com

15-08-2000 

|+|
2006/5/28 11:8
 

 

عاشقێکی سه‌رسه‌خت

 

له‌وه‌ته‌ی له‌سێبه‌ری

ئه‌ودره‌خته‌ شومه‌دا

به‌ خه‌یاڵ ڕۆحمان تێکه‌ڵ به‌ یه‌کتر کردووه‌

جه‌خار،

نه‌ من هه‌ست به‌ جه‌سته‌ی

تۆ ده‌که‌م

نه‌ تۆیش من ده‌بینی

*****

چه‌ند سه‌رسه‌خت بووم

هه‌موو شه‌وێ وه‌ک جه‌نگاوه‌رێکی جه‌سار

شه‌ڕم له‌ گه‌ڵ تاریکیدا

به‌رپا ئه‌کرد

تا بگه‌م به‌ ڕوناکی ناخی تۆ

ئه‌فسوس،تۆ بێباک بویت

هیچ کام له‌و شه‌وانه‌

به‌ هانامه‌وه‌ ناهاتی

*****

تا دوایین چرکه‌کانی عومرم چاوه‌ڕوانم

به‌ جوانی عه‌شق بگه‌م

به‌ عه‌شقی پاک و بێگه‌رد بگه‌م

ژیار جافـده‌نهاخ-هۆڵه‌ندا

|+|
2006/5/26 12:37
 

 

 

ماچ

دوایین حه‌ز، دوایین ئاره‌زووی ته‌ڕ

له‌ کۆشی ئه‌م عه‌شقه‌

سارد و سڕه‌دا

ماڵئاوایی له‌ من و له‌ تۆ و

له‌ ماچه‌کانمان کرد!

ئه‌و ماچانه‌ی پاش هه‌ڵوه‌رینی

گوڵی خۆشه‌ویستی

وه‌ک په‌پووله‌

لێوه‌کانیان کردم به‌ هێلانه‌

په‌پووله‌ی شه‌رمن و بێده‌نگ

که‌ ده‌په‌یڤیم هه‌ڵده‌فڕین

بێده‌نگ ده‌بووم، به‌ هێواشی لێوه‌کانیان

بۆ ده‌گوشیم

ژیار جاف-ده‌نهاخ-هۆڵه‌ندا

|+|
2006/5/26 12:30
 

 

 قه‌ده‌ری عه‌شق

تۆ قه‌ده‌رێکی نادیاربووی

بۆ وڵاتی عه‌شقت بردم

تۆ بزه‌یه‌کی شه‌رمن بووی

مه‌مله‌که‌تی لێوه‌کانت داگیر کردم

تۆ ئه‌شکێکی لانه‌واز بووی

هێلانه‌ت له‌ چاوانما چێکرد

تۆ وشه‌یه‌کی گه‌لێک پیرۆز بووی

ناوه‌ڕۆکی گشت هۆنراوه‌کانمت بۆ خۆت برد

ئێستا ئه‌وینی تۆ نه‌وره‌سێکه‌ و

بۆ قوڵایی دڵم ئه‌فڕێ

چاوه‌کانم په‌روانه‌یه‌ و

به‌ دیار شه‌معی گۆناته‌وه‌ هه‌ر ئه‌سوتێ

ئێستا خه‌مت کۆرپه‌یه‌که‌

له‌ مامکی عومرم ئه‌مژێ

ئێستا لێوی خه‌یاڵێکم

ئێشک بۆ گوڵی لێوت ئه‌گرێ

خۆشه‌ویستم

په‌یمان بێ به‌م قه‌ده‌ره‌ جوانه‌ی عه‌شق

ڕێگه‌ نه‌ده‌م با نازی هیچ شۆخێکی تر

گه‌ڵای ئه‌م عه‌شقه‌ پیرۆزه‌ هه‌ڵوه‌رێنێ

ژیار جاف-ده‌نهاخ-هۆڵه‌ندا

|+|
2006/5/25 11:31
 

په‌ری خودا

 

کچێ ئه‌ڵێن تۆ گوڵێکی

دڵیش ناسکتره‌ له‌ گوڵ

دڵنیابه‌ دڵێ منی

***

جوانێ ئه‌ڵێن تۆ ئه‌ستێره‌ی

بڕواناکه‌م!

تۆ بیلبیله‌ی چاوی منی

***

گیانه‌ ئه‌ڵێن تۆ مرۆڤی

سوێندێ ده‌خۆم تۆ مرۆڤ نیت

په‌رییه‌کی پاکی خودایت

به‌س به‌ ته‌نها

بۆ من هاتوویته‌ ئه‌م

دونیا

ژیار جاف-ده‌نهاخ-هۆڵه‌ندا

22-03-2006        zhyar_jaf@hotmail.com

 

|+|
2006/5/24 12:21
 

دره‌نگه‌!‌

 

دره‌نگه‌...

ئێستا دره‌نگه‌!

به‌م شه‌وه‌زه‌نگه‌ی نیوانمان

تازه‌ دڵم ناگاته‌ لات

له‌ لێواری ئه‌م مه‌رگه‌دا

په‌شیمانی ڕۆح به‌ به‌ری

خۆشه‌ویستیماندا ناکات

دره‌نگه‌...

ئێستا دره‌نگه‌!

چیدی تۆ خۆت ماندوو مه‌که‌

به‌ عه‌شقی وونبووی منه‌وه‌

من خۆزگه‌ به‌و چرکه‌ ده‌به‌م

که‌ تۆ له‌ بیر خۆم به‌رمه‌وه‌

ژیار جاف-ده‌نهاخ-هۆڵه‌ندا

17-08- 2001 zhyar_jaf@hotmail.com 

|+|
2006/5/22 16:12
 

ئازیزانم

 

چۆن ئاسمانی ئه‌م وڵاته‌

نه‌که‌م به‌ گڕ

که‌ ناهێڵێت پۆله‌ نه‌وره‌سی

عاتیفه‌م

له‌ باڵ بدا و بێته‌ لاتان

چۆن له‌ یاسای

به‌دڕه‌فتاری ئه‌م وڵاته ‌یاخی نه‌بم

ڕێگه‌ نادات

هه‌نگاو بنێم بۆ دونیای پێکه‌وه‌بوون و

یاده‌کانتان

 

جه‌مال شاوازی-ماسڵاوس-هۆڵه‌ندا

shkar67@hotmail.com

|+|
2006/5/22 14:9
 

خه‌ون

 

دوێنێ شه‌و له‌ خه‌وما

کۆتره‌ سپیلکه‌ی ڕۆحی تۆ

به‌ سه‌ر سه‌رمه‌وه‌

سه‌مای ئه‌کرد

که‌ ویستم بیگرمه‌ باوه‌ش

ئه‌و هه‌ڵفڕی و چه‌ند په‌ڕێکی

له‌ ناو ده‌ستمدا به‌ جێما

بۆ سبه‌ینێ له‌ خه‌و ڕابوم

نه‌ک هه‌ر ده‌ستم

هه‌موو بیر و هۆش و هه‌ستم

بۆنی تۆی گرت

ژیار جاف-ده‌نهاخ-هۆڵه‌ندا

zhyar_jaf@hotmail.com

|+|
2006/5/22 14:4
 

ده‌شێ چی بین؟!

 

ده‌شێ چی بین!

ده‌شێ بۆچی خوڵقێنرابین؟!

بۆ ده‌بێ ته‌نها (من و تۆ)

سووتوی کوانوی پڕ دوکه‌ڵی

ئه‌م دونیا بێ یاسایه‌ بین

ده‌شێ چی بین!

ده‌شێ...

دوو کۆتری سپی بین

به‌ری ئاسمانی به‌رینمان

به‌( ڕق و کین)لێ ته‌نرابێت

ده‌شێ به‌ ته‌نها (من و تۆ)

باڵی فڕینمان کربێت

ده‌شێ چی بین!

ده‌شێ بۆچێ خوڵقێنرابین؟!

جه‌مال شاوازی-ماسڵاوس-هۆڵه‌ندا

shkar67@hotmail.com

|+|
2006/5/22 2:17
 

 

به‌ ته‌نها تۆ

 

وه‌ختێ ئاره‌زوی دیدارێکت

ئۆقره‌ له‌ گیانم ئه‌بڕێ

هانا بۆ تریفه‌ی مانگ ده‌به‌م

چونکه‌ شێوه‌ی له‌ تۆ ده‌چێ

*****

وه‌ختێ دێوزمه‌ی ته‌نهایی

گشت ده‌رگاکان به‌ سه‌ر ڕومدا

قوفڵ ده‌دات

ته‌نها یادگارێکانی تۆیه‌

ده‌رگام له‌ سه‌ر واڵا ده‌کات

ژیار جاف-ده‌نهاخ-هۆڵه‌ند

zhyar_jaf@hotmail.com

 

|+|
2006/5/22 2:9
 

ده‌سگیرانه‌ شیرینه‌که‌م

 

ئه‌م نه‌ورۆزه‌

له‌ ته‌نیایی... ته‌نیاترم

له‌ نامۆیی... نامۆترم

له‌ بێده‌نگی... بێده‌نگترم

چونکه‌ تۆ نیت

چونکه‌ چوار نه‌ورۆزه‌ ونیت

جه‌مال شاوازی-ده‌نهاخ-هۆڵه‌ند

shkar67@hotmail.comا

|+|
2006/5/22 1:58
 

چاوه‌کانت

 

تێمده‌روانی و من تێناگه‌م

له‌ قووڵایی ئه‌و چاوانه‌ت

بۆ خۆشبه‌ختیم

چ مه‌یلێ خۆی حه‌شارداوه‌

تێمده‌ڕوانی و من بێ ئاگام

له‌ پشت ئه‌و دیده‌ شێتانه‌ت

بۆ مه‌رگی من

چ ئافاتێ خۆی ماتداوه‌

ژیار جاف-ده‌نهاخ-هۆڵه‌ندا

|+|
2006/5/21 11:7
 

ساڵی نوێ

 

ونی و ناتگه‌مێ

تا وشکه‌ نیگای پڕ چاوه‌ڕوانی

ئه‌م ساڵی نوێیه‌ت

هه‌ڵکێشم له‌ ناو مشتێ (سریشک)ی

دیده‌ی پڕ غه‌ما..!!

چه‌ژنه‌ و نامگه‌یتێ

هه‌تا هه‌ناسه‌ی ساردی غه‌ریبیم

هه‌ڵمژی له‌ ناو ژووری تاریک و

پڕ نامۆیما..!!

جه‌مال شاوازی-ماسڵاوس-هۆڵه‌ندا

۱-۱-۱۹۹۹

|+|
2006/5/21 10:57
 

ڕوخساری تۆ

بۆیه‌ هێنده‌ خۆشه‌ویستی له‌ لام

چه‌ند جارێکه‌ تێت ده‌ڕوانم

واده‌زانم ئاوێنه‌یت و

له‌ ڕوخسارتا 

خۆم ئه‌بینم

ژیار جاف-ده‌نهاخ- هۆڵه‌ندا

zhyar_jaf@hotmail.com

|+|
2006/5/21 10:51
 

خۆزگه‌

ئای خۆزگه‌ من بمتوانیایه‌

قوفڵی ڕقی گه‌شتن به‌ تۆ و

ئه‌و ده‌رگانه‌م بشکاندایه‌

که‌ ناهێڵن ده‌ربازبم

بگه‌مه‌ لات

ئای خۆزگه‌ من بمتوانیایه‌

داستانی پڕ له‌ ژانی

ئه‌م سه‌فه‌ره‌ غوربه‌تاوییه‌م

له‌ سه‌ر باڵی بازێکی سوور بنه‌خشێن و

به‌ ئێشه‌وه‌ بینێرمه‌ لات

جه‌مال شاوازی-ماسڵاوس-هۆڵه‌ندا

|+|
2006/5/21 10:46
 

دوایین نیگا

 

خۆزگه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ی جێم هێشتی

بمردمایه‌...!!

هه‌تا ئه‌و عه‌شقه‌ پیرۆزه‌م

له‌ گه‌ڵ خۆمدا بۆ ناو گۆڕێ

ببردبایه

خۆزگه‌ دوایین نیگا که‌ تێم ڕوانیت

دیده‌کانم کوێر بونایه‌

تا نیگا سیحراوێکانت له‌ چاوانما

هه‌تا مردن هه‌ڵگرتایه‌

ژیار جاف-ده‌نهاخ-هۆڵه‌ندا‌

‌zhyar_jaf@hotmail.com

|+|
2006/5/21 10:40
 

په‌رستگا

هێنده‌ ئاره‌زومه‌ بتبینم

هه‌تا ئێستا شتێک شک نابه‌م

نه‌مکردبێ به‌ په‌رستگا

کڕنوشم بۆ نه‌بردبێ

تا به‌ دیدارت شادمکا

ژیار جاف-ده‌نهاخ-هۆڵه‌ندا

zhyar_jaf@hotmail.com

|+|
2006/5/20 10:51