هه‌ناسه‌کانم بۆنی مه‌رگیان لێ دێ
روخسارم ڕه‌نگی تۆی گرتووه ئه‌ی
مه‌رگ
سه‌ر به هه‌ر کۆڵانێکدا ئه‌که‌م
مه‌رگ ته‌نها خۆشه‌ویسته چاوه‌ڕوانمه
له‌وه‌ته‌ی ده‌ستم به‌ر ده‌ستی ژیان که‌وتووه
مه‌رگ خۆشه‌ویسترین هاوڕێمه
چیرۆکی ڕابردووی من
گه‌مه‌یه‌کی جوانه له گه‌ڵ مه‌رگدا
بۆیه
حیکایه‌ته‌کانی ئێستام
لێوان لیوه له فه‌نابوون
پڕ پڕه له مه‌رگ
من له ده‌ریایه‌که‌وه هاتووم
سه‌رچاوه‌که‌ی له مه‌رگه‌وه هه‌ڵقوڵاوه
شه‌پۆله‌کانی نامه‌ی مه‌رگیان
له گه‌ڵ خۆیان هه‌ڵگرتووه
من له دارستانێکه‌وه هاتووم
خودایش له بیری کردووه
مه‌رگ نه‌بێ
دره‌خته‌کانی ڕه‌گیان به ڕه‌گی
مه‌رگه‌وه‌یه
ببورن هاوڕییان
من چیدی بڕوا به پێکه‌نینه ساخته‌کانی ژیان ناکه‌م
ئیدی گوێ له حیکایه‌ته درێژه‌کانی با ناگرم
خۆم ناده‌مه ده‌ست شه‌پۆله شێته‌کانی ده‌ریاوه
چیتر به‌و شه‌قامانه‌دا ناڕۆم
که به قه‌ده‌ر ڕابردووی مه‌رگ له ڕۆحمدا
درێژ نه‌بێ
براده‌ر
ده‌ست مه‌به بۆ ئه‌و دره‌خته‌ی که بۆنی ژیانی لێ ده‌ێت
باوه‌ش بۆ مه‌رگ بکه‌وه
هه‌تا به یه‌قین بگه‌ی
تا بکاری ڕه‌شترین حه‌قیقه‌ت ببینی
من ژیان له مه‌رگه‌وه ئه‌بینم
پێناسه‌م بۆ خودا مه‌رگه
عه‌شق مه‌رگه
مه‌رگ ده‌مانگه‌یه‌نێته ترۆپکی ژیان
مه‌رگ قوڵایی زه‌ریاکانمان پیشان ئه‌دات
ئێستا له که‌ناری قه‌ده‌ری نادیارمه‌وه
به دیار پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌که‌ی زۆرباوه
دانیشتووم
به شوێن زۆربایه‌کدا ئه‌گه‌ڕێم له ناخمدا
زۆربایه‌ک له بێ ئومێدی
زۆربایه‌ک له مه‌رگ
زۆربایه‌ک که ڕابردوو و ئێستا و داهاتووم دیاری ده‌کات
پاڵه‌وانێک که بڕیار له سه‌ر مه‌رگم ئه‌دات
زۆربایه‌ک که خۆشم نازانم بۆ چ دۆزه‌خێکم ئه‌بات
له نێوانی من و مه‌رگدا
ئاره‌زوویه‌کی قووڵ هه‌یه بۆ پێکه‌وه‌بوون
بۆ دانه‌بڕان
بۆ گه‌یشتن به ئه‌به‌دییه‌ت
مه‌رگ له ڕۆحی من په‌یکه‌رێک
بۆ خۆی دائه‌تاشێت
تا ژیان له مندا بکوژێت
من له ڕوخساری مه‌رگ تابلۆیه‌ک
بۆ فه‌نابوون ئه‌نه‌خشێنم
تا هه‌رگیز لێم دانه‌بڕێ
25-07-2007
ده‌نهاخ- هۆڵه‌ندا

